پێناسەی قەڵەوی ، هۆکارەکانی و ڕێی چارەسەری
پێناسەی قەڵەوی ، هۆکارەکانی و ڕێی چارەسەری
قەڵەوی واتە هەبوونی ڕادەیەکی زۆر چەوریی شانەیی لە لەشدا . قەڵەوی ، پتر لە نیگەرانییەک کە بۆ نەخۆش پێکی دێنێ ، پەیوەندیی بە جوانییەوە هەیە .
قەڵەوی ، نەخۆشییەکە کە بە زیادیی ناسروشتیی کێشی لەش پێناسە دەکرێ ، کە شوێنەواری یەکجار خراپی بە سەر مرۆڤی سروشتییەوە هەیە . بە کەسێک دەڵێن قەڵەو وا خاوەنی BMIی لە 30 زۆرترە و لە کەسێکدا کە ئەم ژمارەیە لە نێوان 25 تا 30 دایە ، گرفتەکە ، زیادیی کێشی ناوە . ئەگەر بێتو BMI لە 35 تێپەڕ کات ، بە قەڵەوییەک کە ئیتر بۆتە نەخۆشی دەناسرێ .
قەڵەوی ، بۆ خۆی نەخۆشییەکی کوژەر نییە ، بەڵام شوێنەوارەکانی دەبنە هۆکار بۆ نەخۆشیگەلێک وەک جەڵتەی دڵ ومێشک ، کەژۆک(تصلب شرایین) و...هتد .
هۆکارەکان
قەڵەوی ، دەتوانێ هۆکارێک یان تێکەڵاوێک لە چەند هۆکاری هەبێ :
- بڕشتی ژێنێتیکی
- هەبوونی ڕژیمی خۆراکیی زۆر وزەدار
- وەرزش و بزووتنی کەم
- هەبوونی نەخۆشیگەلێک کە بۆ خۆیان دەبنە هۆی قەڵەوی (وەکوو کەمکاریی لووی تیرۆیید)
- خواردنی نەگونجاو (وەکوو زۆرخۆری)
- گوشارە زەینییەکان
ئەوڕۆکە قەڵەوی ، وەکوو دووهەمین هۆکاری مەرگی شیاوی پێشگیری ، لە دوای جگەرە ناسراوە .گەشەی ڕۆژ لە دوای ڕۆژی ژمێرکۆی تووشیارانی زیادیی کێش لە ئێراندا و گەیشتنی بە نزیکیی 17%ی ئاپۆرەی ئەو وڵاتە ، کێشەی پێویستیی سەرنج دان بە پێشگیری و چارەسەر کردنی ئەم گرفتە کۆمەڵایەتییە ، دێنێتە ئاراوە .
لە کەسانێکدا کە ئەم زیادیی کێشە ، دەگاتە سنووری قەڵەویی زۆر ، کەم و زۆر تەنیا ڕێی چارەسەری ، برینکارییە . بەڵام ڕوونە کە بۆ گەیشتن بە ئاکامی باش و دوور بوون لە زۆر بوونەوەی دووبارەی کێش ، گۆڕانی بۆچوون و تێڕوانینەکان و شێوازی ژیان (وەکوو خواردنی گونجاو ، چالاکیی لەشیی ڕێکوپێک و...هتد) ، کارێکی پێویستە .
زیانەکانی قەڵەوی
ئەگەر چارەسەری قەڵەوی نەکرێ ، دەتوانێ ئەم زیان و بەرژەنگانەی ژێرەوە تووشی نەخۆش بکات :
- شەکرەی جۆری دوو
- زۆریی زەختی خوێن
- نەخۆشییە دڵییەکان ، جەڵتەی دڵ ومێشک
- گیروگرفت و وێستانەوەی هەناسە لە خەوندا
- هێندێک لە شێرپەنجەکان (وەکوو مەمک ، کۆلۆن ، مناڵدان و پڕۆستات(
- گیروگرفتە دەروونییەکان ؛ وکوو خەمۆکی ، جیا بوونەوە لە کۆمەڵگا ، هەبوونی وێنەی زەینیی خراپ و نەرێنی لە خۆ
- زیان دیتنی جومگەکان و سوانیان
- گیروگرفتەکانی نەزۆکی و بەرەوەری
- نەخۆشییە هەرسەکییەکان (وەک جەرگی چەور ، ڕیفلاکس و بەردی زراو)
- ڕانەگرتنی میز
- کەم بوونەوەی کارامەیی و توانایییەکان
ئەو تێستانەی وا بۆ ناسینەوە ئەنجام دەدرێن
ئەگەر پزیشکی ئێوە لە سەر ئەو بڕوایە بێت کە ئێوە تووشی زیادیی کێش یان قەڵەوین، بە کورتەمێژووی پزیشکی و تەندروستیتاندا– بە هەموو وردەکارییەکەوە – دێتەوە و بڕێک ئازمایشت و تێست ڕادەسپێرێت . ئەم کارانە ، کۆمەک دەکەن کە ناسینەوەکانی پزیشک پەسند بکرێن و هەروەها هۆکارەکانی پێکهاتنی قەڵەوی و هەر جۆرە زیانێکی پێوەندیدار ، بدۆزرێنەوە . تێست و ئازمایشتە پێوەندیدارەکان ، بریتین لەم بابەتانەی ژێرەوە :
لێکۆڵینەوەی پزیشکی و تەندروستی : بۆ چارەسەر کردنی قەڵەوی ، پزیشکی ئێوە بە وردی بەم بابەتانەی بەرامبەردا دێتەوە و لێیان دەڕوانێ : ڕادەی کێشتان لە سەرەتای ژیانەوە تا ئێستاکە ، ئەو جارانەی وا بۆ کەم کردنەوەی کێش هەوڵتان داوە ، ڕادەی چالاکیی لەشی ، خوو و خدەی وەرزشیتان ، چۆنیەتیی نان خواردن ، دەرمانە بەکارهێنراوەکان ، ڕادەی ئێسترێس و هەموو ئەو بابەتانەی وا پێوەندییان بە تەندروستیتانەوە هەیە . هەر بەم شیوەیە بەکورتەمێژووی تەندروستیی بنەماڵەتاندا دەچێتەوە ، تا لە ڕادەی نزیک بوونتان لە هێندێک هەلومەرجی تایبەتەوە ، ئاگادار بێتەوە .
- بەراوردی نەخۆشییەکانی تر :
ئەگەر تووشیاری هێندێک گرفتی تەندروستی بن ، پزیشکەکەتان ئەو گرفتانە دەسەنگێنێ . هەروەها بە گرفتەکانی تریشدا دێتەوە ؛ گرفتگەلێ وەک زۆریی زەختی خوێن و یان شێواوی و ناسامانی لە نان خواردندا .
- پێوانیBMI :
پزیشکی ئێوە ، بە مەبەستی دیاری کردنی ڕادەی قەڵەویتان ، BMIتان دەپێوێ .
- پێوانی دەوراندەوری کەمەر :
چەورییەک کە لە دەوروپشتی کەمەردا پاشەکەوت دەبێ و ناوی چەوریی زگیی لێ دەنرێ ، مەترسیی گرتنی نەخۆشیگەلێک وەک شەکرە و نەخۆشییە دڵ و دەمارییەکان، پتر دەکات . ژنانی خاوەن دەوری کەمەری زۆرتر لە 88 سانتیمتر و پیاوانی خاوەن دەوری کەمەری زۆرتر لە 102 سانتیمتر ، بۆ گرتنی ئەو نەخۆشییانەی کە پێوەندییان بە قەڵەوییەوە هەیە ، لەبەر مەترسیی زۆرتردان .
دەویان (معاینە)ی گشتیی لەش : ئەم دەویانانە ، بریتین لە : پێوانی باڵا ، پێوانی نیشانە حەیاتییەکان ، وەک تەپەی دڵ ، زەختی خوێن ، پلەی گەرمیی لەش ، گوێ گرتن لە دەنگی دڵ و سی و دەویانی زگ .
تێستە ئازمایشگایییەکان :
ئەوەی کە پزیشک چ جۆر تێستگەلێک ڕادەسپێرێت ، بە بارودۆخی تەندروستی و هۆکارەکانی مەرترسی لە ئێوەدا کەوتووە و زۆرجاران بریتین لە : تێستی چەورییەکانی خوێن ، کارکردی جەرگ ، گلۆکۆزی ناشتا ، تیرۆیید و ...هتد .
کۆکردنەوەی ئەم زانیارییانەی سەرەوە ، لە دیاری کردنی ئەو هێندە کێشەی کە دەبێ کەم ببێتەوە و دیاری کردنی بارودۆخی تەندروستی و هۆکارەکانی ئەو مەترسییانەی کە بۆتان هەیە ، یاریدەی پزیشک دەدەن .
چارەسەر
مەبەست لە چارەسەر کردنی قەڵەوی ، گەیشتن بە کێشی سالم و پاراستنی ئەو کێشە بە مەبەستی کەم بوونەوەی مەترسیی نەخۆشییەکان و زۆر بوونی کواڵیتیی ژیانە . ئێوە نیازتان هەیە کە لەگەڵ گرۆپێکی پیشەییی تەندروستیدا کار بکەن ؛ گرۆپێک بریتی لە : پسپۆڕی خۆراک ، پسپۆڕی قەڵەوی و پسپۆڕیک کە بەرنامەی پارێزی خۆراکی دابین بکات .
گرۆپێک کە بۆ گۆڕانی خوو و خدەی نان خواردن و چالاکییە لەشییەکان ، یاریدەتان دەدەن . لەگەڵ ئەم گرۆپەدا ، بە کێشی سالمی خۆتان و چۆنیەتیی گەیشتن بەو ڕادەیە ، پەی دەبەن . مەبەستی سەرەتایی ، کەم بوونەوەی 5 تا 10 لە سەدی کێشی هەوەڵ لە ماوەی 6 مانگدایە . دەتوانن تەنیا بە کەم کردنەوەی 5 تا 15 لە سەدی کێشی تەواوی خۆتان ، هەست بە باشتر بوونەوەی بارودۆخی تەندروستی بکەن .
ڕەوشتەکانی چارەسەر کردنی پسپۆڕی:
بۆ چارەسەر کردنی قەڵەوی و گەیشتن بە کێشی سالم ، ڕێی زۆر هەیە . ئەوەی کە چ ڕەوشتێک بۆ چارەسەر کردن بە کار ببرێ ، پێوەندیی بە ئاستی قەڵەویی ئێوە ، بارودۆخی گشتیی تەندروستیتان و ڕادەی واز و ویستی ئێوەوە بۆ بەشداری کردن لە بەرنامەی کەم کردنەوەی کێشدا ، هەیە .
ڕەوشتەکانی چارەسەر کردن ، ئەم بابەتانەی ژێرەوەن :
- پارێزی خۆراکی
- وەرزش و چالاکیی لەشی
- گۆڕینی ئاکارەکان
- بەکارهێنانی ئەو دەرمانانەی وا دکتۆر نووسیونی
- برینکاری
کەم کردنەوی کێش ، زۆر جاران بە گۆڕینی شێوازی ژیان (گۆڕینی ڕرژیمی خۆراکی و ئاکارەکان و زۆر کردنەوەی چالاکیی لەشی) ، دەشێ . لە کەسانێکدا وا کێشەی قەڵەوی زۆر مەترسیدارە ، لە پێناوی گۆڕین و چاکسازیی شێوازی ژیان ، لە دەوا و دەرمان و برینکارییش ، وەکوو دەرمانێکی یاریدەر ، کەڵک وەردەگیرێ .
لە بەشەکانی دواییدا ، جۆرەکانی ڕەوشتی چارەسەر کردن ، بە تێر و تەسەلی باس دەکرێن .