زیانەکانی برینکارییەکانی قەڵەوی

زیانەکانی برینکارییەکانی قەڵەوی

 

زۆربەی نەخۆشان بێ هیچ بەرژەنگێک مەرەخەس دەبن ، بەڵام بە پێی بارودۆخی گشتیی تەندروستیی نەخۆش ، ڕەنگە زیانگەلێک پێش بێن . ئەم زیانانە دوو بەشن :

 

1 . زیانە گشتییەکان : هەستۆکی لە بەرامبەر دەرمانە بەکارهێنراوەکان ، خوێنڕێژی و نیاز بە وەشاندنی خوێن ، گورمتە (حملە)ی دڵ یان مێشک ، پەککەوتەییی گورچیلە ، هەوکردنی سییەکان ، هەوکردنی کۆئەندامی میزی ، ئەو زیانانەی پێوەندییان بە بێهۆشیی برینکارییەکەوە هەیە و مەترسیگەلێک کە لەوانەیە کاتی کەوتنە جێ زیاتر بکاتەوە و لە کەمتر لە 1% دا ببنە هۆی مەرگ

بەدبژیوی ، یەکێک لە زیانە درێژخایەنەکانی هەموو جۆرە برینکارییەکی قەڵەوییە کە لەو برینکارییانەدا وا دەبنە هۆی کەم بوونەوەی ڕاکێشانی ماکە خۆراکییەکان -وەک بایپەس-، زۆرتر دەبینرێ و ئەو کەسانەی کە لەم چەشنە برینکارییانە کەڵک وەردەگرن ، بە درێژاییی ژیانیان ، نیازیان بە پڕکەرەوەکانی ئاسن ، ڤیتامین بێ و کەلسیوم هەیە .

دروست بوونی جەڵتە (گیرساویی خوێن) لە ڕەشەدەماری ئەندامەکاندا و ئامبولی ی سیپەلاک ، یەکێکی تر لە زیانەکانی برینکاری بۆ نەخۆشانی قەڵەوە کە تا ڕادەیەک شیاوی

 

پێشگیرییە .

 

هەڵهێنانەوەی درێژخایەن ، پەیتا – پەیتا و گەڕێنەرەوەی غەزا ، یەکێک لە زیانەکانی هەموو ئەم جۆرە برینکارییانەیە . پێویستە ئەو ڕادە چێشتەی وا دیخۆن ، بە چەند ژەم بێ، بەڵام ڕادەی هەر کامیان کەم بێت و لەگەڵ خۆراکەکەدا ، تراوەکان بە کار نە‌هێنرێن . ئەگەر هەڵهێنانەوە ببینرێ ، دەبێ تا ماوەیەک لە بەکارهێنانی ژانبڕەکان و پڕکەرەوە خۆراکییەکان  پارێز بکرێ .

 

2 . زیانە تایبەتییەکان : ئەم زیانانە لە لە برینکارییەکاندا ، جۆراوجۆرە :

لە " باندینگ "دا ، ئەگەری خلیسکانی باندەکە یان هەڵماسیویی دەوروبەرەکەی و چوونە ناوی باندەکە بۆ ناوەوەی گەدە و هەوکردن هەیە . دوور نییە باندەکە لە پارێزەکەکە (محفظە) هەڵبکەنرێ و سیرۆمەکە بڕژێتە ناو زگ . تەنگ بوونەوەی شوێنی چوونە دەرەوەی گەدە و خوێنڕێژی ، یەکێکی تر لە زیانەکانی ئەم برینکارییەیە .

 

لە " بایپەس " و " سڵیڤ " دا ، یەکێک لەو زیانانەی کە زۆر ڕوو دەدا ، کرانەوەی شوێنی بڕشتەکان و دوورین و مەنگەنەکانی گەدە و ڕیخۆڵەیە ، کە دەبێتە هۆی ئەوە کە غەزا بڕژێتە ناو زگ .

 

زیان کەوتن لە ئەندامە پاڵدەستییەکان ، لە برینکاریی " بایپەس " و " سڵیڤ " دا زۆرتر لەوانی تر دەبینرێ .

 

دروست بوونی بەردی زراو ، بە هۆی کەم بوونەوەی خێرای کێش ، بەتایبەت لە " بایپەس " دا

 

هەیە ، کە بۆ پێشگیری کردن لێی ، خواردنی خوێ زراوییەکان ڕادەسپێردرێ .

 

سیندرۆمی داپینگ : جۆرێک ڕانەگرتنی خۆراکە کە لە برینکاریی " بایپەس " دا بە خواردنی ماکە نیشاستەدارەکان دەبینرێ و دابەزینی زەختی خوێن و ئارەق کردنی بە دوادا دێ . چارەکەشی ، گۆڕانی رژیمی خۆراکی ، زۆرتر بەکارهێنانی ماکە پڕۆتیندارەکان و کەمتر خواردنی تراوەکان لەگەڵ ماکە خۆراکییەکاندایە .

 

ژنانێک وا بێنوێژیی مانگانەیان  هەیە و بە ئاسنی خۆراکی ، کونتروڵی کەمخوێنییان بۆ ناڕەخسێ ، دەبێ لە ڕێگای وەشاندنەوە ئاسن وەربگرن .

 

هەنگاونان بۆ ئاوسبوون و سکپڕی  ، تا 18 مانگ پاش ئەم برینکارییانە قەدەغەیە .

 

هێندێک جار بڕێک لە نەخۆشان ، بە هۆی ترس و دڵەڕاوکێی قەڵەو بوونەوەی دووبارە ، بە توندی خۆ لە خواردن دەپارێزن و یان دەسانقەست دەبنە هۆی هەڵهێنانەوە ، ئەم کارانە وشکیی پێست و پەککەوتەییی گورچیلەیان لە شوێندا دێ . ڕاوێژ لەگەڵ رەوانپزیشکدا ، لەم قۆناغەدا یاریدەرە.

هەوکردنی شانە بەرگییەکانی دیوارەی زگ ، یەکێک لەو گرفتانەیە وا لە کەسانی قەڵەودا، بەتایبەت پاش برینکاری پێش دێت و بە شێوەی ئێش ، سووری و پەنەماوی ، بە دی دەکرێ و دەرمانەکەی ، چڵکبەرە(ئانتی بیۆتیکە)ە"وسیع الطیف"‌‌ەکانە و ئەگەر لەپەستا سەر هەڵبداتەوە ، بە دەگمەن پێویست بە لابردنی ئەم شانە دیوارەیییە گەورە و بەربڵاوانە دەبێ کە هێندێک جار ، کێشیان 10 تا 15 کیلۆیە .

 

کێشە ئێسقانییەکان ، لە کەمیی خوێ کانگایییەکان و ڤیتامینەکانەوە سەرچاوە دەگرن و دەتوانن لە داهاتوودا ، ئێشی ئێسقانەکان و بەردی گورچیلە پێک بێنن ، کە هەڵبەت بە خواردنی پڕکەرەوە خۆراکییەکان شیاوی پێشگیرین .

 

بە هۆی کەم بوونەوەی خێرای کێش ، دوور نییە لە سێ تا شەش مانگی هەوەڵی پاش بربنکاری ، تووشی شێواوی و ناسامانیی خوو و خدە ، خەمۆکی ، وەرینی قژ ،  ئێشی لەش ، وشکیی پێست ، ماندویی و لەرز ببن .

 
 
کاتی بڵاو بوونەوە: شنبه 21 تير 1393 (5 ساڵ لەمەپێش)
ژمارەی سەردانەکان: ۱۶۳۳